پاش ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، باوان یوسفی تەمەن 19 ساڵ، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بەمەبەستی گەشت و مەلەکردن، دەچنە چەمی ئاوەمار لە ناوچەی سازان le سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام لە ناکاو پاش ئەوەی ئێران دەستدەکات بە بەردانەوەی ئاوی سیروان، ئاستی ئاوەکە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوە و باوان کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و ئاو دەیبات و دوو هاوڕێکەی ڕزگاریان دەبێت، بەڵام دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
ماوەی چوار ڕۆژە خۆبەخشان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لە گەڕان و پشکنینی بەردەوامدان، هیوایان ئەوەیە کە کۆتایی بە چاوەڕوانی تاڵی باوک و دایکی باوان بێت، بەڵام تا دێت گومانەکان زیاتر دەبن لە ئاڵۆزیی پڕۆسەکە و دۆزینەوەی تەرمی باوان یوسف.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خۆبەخشانی دژوار کردووە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی سیروانە، کە سەرچاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لای خۆیەوە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، وا بۆ چوار ڕۆژ دەچێت بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمی باوان یوسفدا، بەڵام پڕۆسەکە ئاسان نییە، پڕە لە وردەکاریی و پشوودرێژی دەوێت، سەرچاوەی چەمی ئاوەمار لە ئێرانەوەیە، لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدان تا ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بەردانەوەی ئاوەکە ڕابگرن.
وتیشی، هەر دوێنێ، داوامان لێکردن کە تیمێکی شارەزای غەواسمان بۆ بنێرن تا یارمەتیمان بدەن، ئەوانیش بە دەم داواکەمانەوە هاتن و ئەمڕۆ تیمێکی شارەزای غەواسی ئێرانی دەگەنە هەڵەبجە و یارمەتیمان دەدەن لە دۆزینەوەی تەرمی باوان یوسف.
بە وتەی خەڵک و شارەزایانی ئەو ناوچەیە، دەیان ئەشکەوتی گەورە لەناو ڕێڕەوی چەمی ئاوەماردان، کە درێژیی ڕووبارەکە بە گشتی زیاترە لە نزیکی 30 کیلۆمەترە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی باوان یوسفدا، چونکە گومان دەکرێت، تەرمەکە یان بە ڕەگی دارێکەوە گیربووبێت، یان لەناو یەکێک لە ئەشکەوتەکان گیرسابێتەوە.
لەبارەی ئاڵۆزیی پڕۆسەکەوە، ڕائید زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا پشکنینی زۆر ورد بۆ هەموو شوێنەکان کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ ئێران ئاوە بەرنەداتەوە ئومێد دەکەین لە شوێنێکدا ببینرێتەوە، ئاوەکە ساردە، ئەگەر چاوەڕێبین کە ئاوەکە تەرمەکە هەڵبداتە سەرەوە، پێویستە 10 ڕۆژ بۆ 15 ڕۆژ چاوەڕێبین تا تەرمەکە دێتە سەر ڕووی ئاوەکە.
باسی لەوەشکرد، لە دۆزینەوەی تەرمی روقیە رافید، لە ئەحمەد ئاوا، نۆ ڕۆژمان پێچوو تا تەرمەکەمان دۆزییەوە، لە دۆزینەوەی تەرمی باواندا، ئومێد لەدەست نادەین، ڕاستە ناوچەکە زۆر سەختە و بواری ئاوەکە فراوانترە، کەلەبەر و ئەشکەوتی زیاتری تێدایە، بەڵام لە گەڕان بەردەوامدەبین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئاوەمار و ئەحمەدئاوا بکەین، درێژی ئاوەمار 25 بۆ 30 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا درێژی ئەحمەدئاوا تەنیا شەش کیلۆمەترە، لە ئاوەمار لە هەندێک شوێندا پانی ڕووبارەکە دەگاتە 25 بۆ 30 مەتر، بەڵام کەم شوێن هەیە لە ئەحمەدئاوا بگاتە 10 مەتر پانی، هەروەها قوڵی و تیژڕەوی ئاوەکە، لە ئاوەمار زیاتر بەراورد بە ئەحمەدئاوا، هەروەها ناوچەی سازان زۆر سەختە و گەیشتن بەم ناوچەیە کاتێکی زۆری پێویستە.
لە کۆتایشدا وتی، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبوو ئەنجاممانداوە، تیمەکانی ئێمە نوێن و تا ڕادەیەک ئەزموونیان کەمە، ئەگەر بزانین شتێک بە تیمەکانی ئێمە ناکرێت و گومانێک لە توانایان هەیە، داوای هاوکاری لە تیمی دیکە دەکەین، بەڵام هەر تیمێکی دیکە لە ئێستا بێتە ئەو ناوچەیەوە، تەنیا دەتوانێت ئەو کارانە ئەنجامبدەن کە ئێمە ئەنجاممانداوە.