بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کەناڵ8 و میدیاکارێکی کەناڵەکە بڵاوکردەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستگیركردنی بەڕێوەبەری كەناڵ 8 و میدیاکارێکی دیاری كەناڵەكە، مایەی سەرسوڕمان و شۆكە، چونكە لە لایەکەوە پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامەوانیی ھەرێمی كوردستانە، لە لایەکی دیکەشەوە دژی ڕێنماییەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، كە رۆژنامەنووس بەبێ نوێنەری سەندیكا نابێت تەنانەت بانگھێشتی بەردەم یاساش بكرێت، نەک فەرمانی دەستگیركردن.
ئەوەش هاتووە، لە هەمانكاتدا بڕیارێكی لەم شێوەیە ڕێكارێكی نوێی بێدەنگكردنی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەیە كە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و كەموكوڕییەكان هەواڵ، ڕاپۆرت و زانیاریی بڵاودەكەنەوە، لە كاتێكدا لە هەولێر و لە تەنیشت وەزیری ناوخۆوە ڕۆژانە هەندێک كەناڵ بە بەردەوامی سەرقاڵی چەواشەكاری، هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ناوزڕاندنی سلێمانی و دەوروبەرن، بۆیە ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ بازدانە بەسەر یاسا و ڕێساكانی رۆژنامەوانی لە كوردستان، دادگا و وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، هەروەها زیاتر بڕیارێكی حزبییە نەک حكومی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتی، نیگەرانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەردەبڕێت و بە سنوورداركردنی ئازادیی میدیایی دەزانێت، داوا لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات لەسەر ئەم پێشێلكارییە بێنە دەنگ، لە ڕێگەی خەباتی یاسایی و مەدەنیانەوە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ئەم جۆرە بڕیارانە بكەن.