سروە محەمەد، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و ئابوریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە هەوڵی ئەوان کێشەی یاسایی و دارایی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بە یەکجاری چارەسەرکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، “بەشێكی زۆری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی جیاوازیی ساڵی داراییەوە دەیاناڵاند، بە جۆرێک کە حیساباتی وردبینیکراوی کۆمپانیاکان (مسدق) بۆ ساڵی 2025 بوو بەڵام لە ساڵی 2026، کاتێک خاوەن کۆمپانیاکان سەردانی بەغدادیان دەکرد بۆ پێشکەشکردنی سەرمایەکەیان (ڕەئسمال)، مامەڵەکانیان ڕەتدەکرایەوە، ئەمەش ببووە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ڕێکارەکانی پەسەندکردن و دانپێدانانی کۆمپانیاکانیان.”
ڕوونیشیکردەوە، بۆ چارەسەری کێشەکە، داواکاریی خاوەن کۆمپانیاکانی خستووەتەبەردەم عامر سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و کێشەکە چارەسەرکرا.
بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاردرا بەوەی حیساباتی ساڵی 2025ی هەرێمی کوردستان وەک خۆی کاری پێبکرێت بۆ حیساباتی بەغداد بۆ ساڵی 2026، لەمەودوا هیچ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان کێشەی لە تۆمارکردن و ڕێکارەکانی سەرمایە لە بەغداد نامێنێت.