ڕۆژی لەدایکبوونی هێرۆ خانە

ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی خانمی دیاری کوردستان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە لەناو یەکێتییەکان و خەڵکدا بە ‘هێرۆ خان’ ناسراوە، لە ڕۆژی 12ـی حوزەیرانی 1948 لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر لەدایکبووە. لە ئامێزی هەریەکە لە ئیبراهم ئەحمەد، سیاسەتمەدار و ڕووناکبیر و خاتوو گەلاوێژ ساڵح، نووسەر و ڕۆماننووس پەروەردە بووە و هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە ئاشنای کتێب و خوێندنەوە بووە.

هێرۆخان خاوەنی 5 خوشک و 2 برایە بە ناوەکانی شاناز، هەتاو، کوردە، هێڤی، لیلۆز، هەڵۆ و هاوڕێ.

بەهۆی دۆخی سیاسیی کوردستان و ژیانی سیاسیی باوکییەوە، ماڵی هێرۆخان بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە شوێنێکدا جێگیر نەبووە، هەر بۆیە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە کەرکوک و بەغداد تەواوکردووە، پاشان گەڕاوەتە بۆ سلێمانی و خوێندنی دواناوەندی تەواوکردووە، دوو ساڵیش لە تاران خوێندوویەتی. پاشان بەکالۆریۆسی لە بەشی دەروونناسی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی موستەنسیرییە لە بەغداد بەدەستهێناوە.

هێرۆ خان جیا لەوەی پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترسی کوردستان بووە و هاوشانی سەرۆک مام جەلال لە شۆڕشی نوێی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە، هاوکات بە کامێرایەکی VHS مێژووی ئەوکاتی گەلی کورد، بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی دەرهەق بە کورد، قارەمانێتی و نەبەردییەکانی پێشمەرگەی تۆمارکردووە و نیشانی جیهانی داوە. لەم بوارەشدا خاوەنی گەورەترین تۆمار و ئەرشیفی شۆڕشی نوێی کوردستانە.

هێرۆ خان لە ساڵانی 2005 بۆ 2013 خانمی یەکەمی عێراق بووە، خۆی حەزی بە پاشناوی ‘خان’ نەبووە و ڕەتیکردووەتەوە، حەزیکردووە بە ‘دادە’ بانگ بکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ خوشكی گەورە.

لە ساڵی 1970 شوی بە سەرۆک مام جەلال کردووە، پاش سێ ساڵ نۆبەرەیەکیان دێتە ژیانەوە و ناوی لێدەنێن ‘بافڵ’، پاشان لە ساڵی 1977 منداڵێکی دیکەیان دەبێت و ناوی لێدەنێن قوباد. هێرۆ خان هاوشانی سەرۆک مام جەلال هاوخەبات و هاوسەنگەر بووە و هەر لەگەڵ ئەویش چـ.ـەکی پێشمەرگایەتی لەشان کردووە و ڕێگەی سەختی تێکۆشانی هەڵبژاردووە.

هێرۆ خان خولیایەکی زۆری میدیایی هەبووە، پاش ڕاپەڕینی مەزنی گەلی کورد لە ساڵی 1991، بەردەوامیی بەو خولیایە داوە و هەردوو تەلەڤیزیۆنی خاک و کەناڵی کوردساتی دامەزراندووە، کە هەردوو کەناڵ ئێستاش بەردەوامن لە کارکردن و خزمەتێکی فراوانی بواری ڕۆژنامەگەری، کەلتوور، پەروەردە و فەرهەنگی کوردییان کردووە.

هاوکات ڕێكخراوی منداڵپارێزی کوردستانی دروستکردووە کە خزمەتێکی زۆری بە منداڵان کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردوامە لە کارکردن.

هێرۆ خان گرنگییەکی زۆری بە لاوان و گەنجان داوە. سەنتەری گەنجانی دامەزراندووە و پاڵپشتیی چالاکیی لاوانی کردووە.

هاوکات بە گرنگییەوە لە پاراستنی شوێنە کەلتووریی و مێژووییەکانی ڕوانیوە، پاڵپشتیی پڕۆژە کەلتوورییەکانی وەک، پاراستن و چاپکردنی دەستنووسی کۆن، گەلەریی زاموا، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، پاراستنی سەرا و پڕۆژەی پەیکەرسازی و چەندانی دیکە کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەڵەبجە.. گەنجێك بەهۆی تەزووی كارەباوە گیانیلەدەستدا

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هاوڵاتییەك بەهۆی تەزووی كارەباوە گیانیلەدەستدا. رائید ئاكان قوتبەتین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای…
Total
0
Share