بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابوریی نێودەوڵەتیی دێڵفی کە لە کارگەی کلتووریی جگەرەکە بەڕێوەچوو، باسی لە چەند پرسێکی تایبەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد.
سەرۆکی یەکێتی بە باسکردن لە ڕۆڵ و گرنگیی دانوستان و گفتوگۆ لە کێشە و ئاڵنگارییەکان دەستیپێکرد و ڕایگەیاند، ”تاوەکو وتووێژ هەبێت، دەرفەتی چارەسەریش زیاتر دەبێت، بە بڕوای من دەرفەتی زۆر هەن بۆ چارەسەری کێشەکان.”
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، باسیان لە ململانێکانی ناوچەکە کردووە.
هەروەها وتیشی، هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەک پاکستان ببێتە نێوەندگیر لەنێوان ئەمریکا و ئـ.ـێران، هیوادارین عێراقیش ببێتە پردی ڕێککەوتن. ئاماژەی بەوەشدا، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ واشنتن و تاران هەیە. سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە کە ”باشترین ئاشتیی بۆ هەردوولا” ئەو ئاشتییەکە کە بتوانن پێکەوە کاربکەن.
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “لەگەڵ برا تورکەکانمان پەیوەندییەکی باشمان هەیە، زۆر گەشبینم بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.”
لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەکرد، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت ”پەیوەندیی بە هەندێک بەرپرسی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە.” هەروەها جەختیشیکردەوە کە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان ئەم حکومەتەی ئێستای ناوێت و ئامادەنین حکومەتێک هاوشێوە دروستبکەنەوە.