وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت هۆکاری دواکەوتنی مووچە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پاش ناردنی خشتەی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لەپێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و پێش جەژن دابەشبکرێت، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی 50 ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بە نووسراوی ژمارە (5477,4,7) کە لە ڕۆژی 24ی ئایاری 2026 واژووکراوە، خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە 70 هەزار و 18 لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، کە ئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریی دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانوویەک، ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی 970 ملیار و 741 ملیۆن و 514 هەزار و 914 دینار، لە کاتی کۆتاییهاتنی دەوامی ڕەسمیی بانکی ناوەندیی عێراق و لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بڕی تەنیا 890 ملیار و 502 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمتری لە کۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای نەبوونی دەوامی ڕەسمیی و پشوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینە و بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕاسپاردووە کە پاش وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و گواستنەوەی بۆ بانکە ئەهلییەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، دوای ڕاگەیاندنی خشتەی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لە دوای کاتژمێر 10 بەیانییەوە بە شێوەی کاش و لە ڕێگەی هەژماری من بەردەوامدەبێت.
باسی لەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان، شار و قەزاکان پێویستیی بە کاتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمرۆ کە بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە بکەن و مووچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەکەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.
لە کۆتایشدا هاتووە، لەپێناو ئەوەی سبەی جەژنە، بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت لە وەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروستبووە لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕبکەینەوە.