کاروان ئەنوەر: فڕناس چۆن گەیشتە ئیسپانیا؟

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

هەر كەسێک زۆر لە ئاسماندا بمێنێتەوە، زیاتر ئەگەری كەوتنەخوارەوەی هەیە، هەر كەسێكیش لە گۆماودا ماسی ڕاوبكات، بۆ پیاو قولوقاچی، بۆ ژنیش پلوپوزی تەڕدەبێت، خۆ ئەوەی زیاتر لە بنی ئاودا بمێنێتەوە، ئەگەری خنكانی زیاترە، كەچی من كەسانێک دەناسم چەندین جار لە بنی ئاوەوە بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان و كەشكەڵانی فەلەک بەرزدەبنەوە و دەشفڕن و فیلیش نین!

هەموومان لە كتێب و میدیای عەرەبدا ناوی عەباسی كوڕی فڕناسمان بیستووە، گوایە داهێنەرێكی عەرەب بووە لە سەدەی نۆهەمی زاییندا لە ئەندەلوس (ئیسپانیای ئێستا) ژیاوە، بەڵام كەسمان نەمانپرسی، فڕناس [كە وشەیەكی كوردییە] چۆن گەیشتە ئیسپانیا!!؟؟

ئەم پیاوەی كە لە داهێنانی فڕیندا نموونەی نەبوو، داهێنەری شوشە بوو لە لم و زیخ و داهێنەری ئامێری گومەزی فەلەكی بوو، شاعیر و میوزیكزان بوو هەروەک (زریاب) كە ئەویش عەرەب نەبوو، فڕناسەكەی لای خۆمان فەیلەسوف و زانا و ئەندازیار و موزیكزان و فەلەكناس بوو، كەواتە وەک لیۆناردۆ داڤینشی و مایكڵ ئەنجیلۆ وابووە، بەڵام بە كۆپییەكی عەرەبیكراو.

گرنگ ئەوەیە بزانین وشەی (فڕ+ناس) كە لە زمانی عەرەبیدا بەم وشانە دەوترێت ئەعجەمی، واتە ناعەرەبی، لە كوێوە و لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ وشەكە لێكدراوە و چاوگەكەی لە زمانی كوردیدا دەگەڕێتەوە سەر چاوگی (فڕین/فڕ)، ئاماژەیە بۆ جووڵە لە بەرزاییدا، (ناس) ئاوەڵناوە بە مانای زانا شارەزا – ئاشنا دێت، دروست لە وشەی ناسین كە كورتكراوەیەكی زۆرباش و جوان كوردێنراوە، لەو ئەندەلوسە و لە سەدەی نۆهەمدا، بەڕاستی مایەی پرسیارە؟؟

من بۆیە ئەم شێر و ڕێوییە بۆ كارەكەی ئەم پیاوە (كاک عەباس) باسدەكەم، وەک چۆن لە سەرەتادا وتم، لە كۆتاییشدا مەبەستێكی ترم دەبێت، گرنگ ئەوەیە كاک عەباس كە ویستی بۆ یەكەمین جار ئەزموونی فڕینی مرۆڤ تاقیبكاتەوە و لەسەر بەرزاییەكەوە بە دووباڵی لە پەڕی باڵندە دروستكراو، فڕی و چەند ساتێک لە ئاسماندا مایەوە، بەڵام پاش كەمێک دەكەوێتە خوارەوە و دەڵێن دەشمرێت، هۆكاری كەوتنەخوارەوەكەی دوو گێڕانەوە هەیە: یەكیان گوایە بە (پیوـ شەمع) پەڕی باڵەكانی لكاندووە و كە بەرزدەبێتەوە، خۆرەتاو پیوەكە دەتوێنێتەوە و دەكەوێتەخوارەوە، دووەم: گوایە كلكی بۆ خۆی دروست نەكردووە، لە نیشتنەوەدا بە زەویدا دەكێشێت و دەمرێت.

باشە، ئێستا خەڵكانێك هەن لە بنی دەریادا ماسی دەگرن و قولیشیان تەڕ نابێت، لە كاک عەباسی فڕناس زیاتر لە ئاسمانی فەلسەفیدا دێن و دەچن و دەمێننەوە، چونكە كلكیان بۆ خۆیان دروستكردووە، لەكاتی نیشتنەوەدا نامرن، لەبری پیو، یان بە (First Class)  یان بە (VIP)  یان بە فڕۆكەی تایبەت، گەشت دەكەن و دەیان هەزار پێ لە ئاستی دەریاوە بەرزدەبنەوە، دەشفڕن و ناشمرن، بەڵام هۆكاری ماسی گرتن و سەفەركردن، ئەگەر بۆ گەشتكردن نەبێت، دەبێت بۆ ئیش و كار بێت، ئەگەر بۆ ئیشوكار بێت، دەبێت بزانرێت كام ئیش و كام كار؟ كاریش دوو جۆرن، یان كاری تایبەتە، یان كاری بەرژەوەندیی گشتییە، بەڵام ئێمەی كورد لەم هەرێمەدا ئاگامان لە هۆكار و ڕۆیشتن و هاتنەوەی عالم و تاجر و مەسولەكانمان نییە، بە ڕەعیەتیش ناڵێن بۆچی دەڕۆن و ئیشەكەیان چییە و چۆن بووە و چییان بەدەستهێنا، ئەوە نەبێت زۆربەی زۆریان تەنیا دەیانەوێت لە بنی ئاوەوە فێری فڕین ببن، بەڵام وەک عەباسی كوڕی فڕناس نا!!

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەی پاڵپشتیی رۆژنامەنووسان ئیدانەی دەستگیركردنی پەیامنێرەكەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر دەكات

لیژنەی پاڵپشتیی رۆژنامەنووسان بە توندی ئیدانەی رێوشوێنی سەركوتكارانە و ئەو پێشێلكارییانە دەكات كە دژ بە ئازادیی رۆژنامەوانی و…
Total
0
Share