تیشکی خۆر سەرچاوەی سەرەکیی ژیانە لەسەر زەوی، بەڵام وەک هەر توخمێکی سروشتیی دیکە، لە هەمان کاتدا کە کۆمەڵێک سوودی گرنگی هەیە بۆ تەندروستی، بەرکەوتنی زۆر و بێبەرنامەشی زیانی کوشندەی لێدەکەوێتەوە.
پسپۆڕانی بواری تەندروستی سوود و زیانەکانی تیشکی خۆر بەمجۆرە دەستنیشان دەکەن:
سوودەکانی تیشکی خۆر:
دابینکردنی ڤیتامین: D تیشکی خۆر سەرچاوەی یەکەمە بۆ درووستبوونی ڤیتامین D لە لەشدا، کە یارمەتیی مژینی کالسیۆم دەدات و بۆ تەندروستیی ئێسک و ددانەکان پێویستە.
باشکردنی مەزاج و دەروون: بەرکەوتنی ڕووناکیی خۆر دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی “سیرۆتۆنین” (هۆرمۆنی دڵخۆشی)، کە دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە خەمۆکیی دەکات.
ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆجی: بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە ڕۆژدا، یارمەتیی لەش دەدات شەوان هۆرمۆنی “مێلاتۆنین” دەربدات، کە خەوێکی قووڵت پێدەبەخشێت.
بەهێزکردنی سیستمی بەرگری: تیشکی خۆر دەبێتە هۆی چالاککردنی خانە سپییەکانی خوێن، کە بەرگریی لەش دژی نەخۆشییەکان بەرزدەکەنەوە.
زیانەکانی تیشکی خۆر:
شێرپەنجەی پێست: بەرکەوتنی درێژخایەن و ڕاستەوخۆی تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV) بەبێ پارێزگاری، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.
پیربوونی پێشوەختەی پێست: تیشکی خۆر کۆلاجینی پێست تێکدەشکێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چرچولۆچ، پەڵەی قاوەیی و وشکبوونەوەی پێست لە تەمەنێکی گەنجیدا.
سووتانی پێست: مانەوەی زۆر لەژێر خۆری بەتیندا دەبێتە هۆی سووربوونەوە، ئازار و کزانەوەی پێست کە هەندێکجار برین دروستدەکات.
زیان گەیاندن بە چاو: بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کێشەی چاو وەک ئاوی سپی و کەمبوونەوەی توانای بینین.
-چۆن خۆمان بپارێزین؟
بۆ ئەوەی تەنیا سوود لە خۆر ببینی و لە زیانەکانی دووربکەویتەوە، باشترین ڕێگا بریتییە لە بەکارهێنانی هەمیشەیی دژەخۆر ، بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر، و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لە نێوان کاتژمێر 10:00ی بەیانی بۆ 4:00ی ئێوارە.