7000 نەمامی زەیتوون لە هەواری شار دەچێندرێن

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، 7000 نەمامی زەیتوون لە هەواری شار دەچێندرێن.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەی وشکەساڵی، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی پارکی هەواری شار، هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن ئەنجامدرا و حەوت هەزار نەمامی زەیتوون لە زۆنی شاخی پارکی گەشتیاریی هەواری شار چێندران.

ڕاشیگەیاند، هەڵبژاردنی داری زەیتوون وەک جۆرێکی گونجاو بۆ ئەم ناوچەیە، بڕیارێکی ژینگەپارێزانە و زانستی بوو؛ چونکە بە خۆڕاگریی و تەمەندرێژی ناسراوە و دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و سروشتی ناوچەکە بگونجێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی جەخت لەوەشدەکاتەوە، سەوزکردنی زیاتری شار، بەشێکی گرنگی خزمەتکردنە بە هاوڵاتییان؛ بۆیە لە ئامێزی سروشتی ئەم شارە دڵگیرەوە، پەیمانی ئەمەکداری و بەردەوامی بۆ هاوڵاتییانی خۆشەویستمان نوێدەکەینەوە کە بێوچان و دڵسۆزانە هەوڵەکانمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ژینگەیی، پاراستنی سروشت و سیما و جوانیی شار بەردەوامدەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share