وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند، سوپاسی پشوو درێژیتان دەکەین.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکە بە یەکەی مامۆستایانی دڵسۆزی کوردستان دەکەم، سوپاستان دەکەین بۆ لە خۆبردویی، پشوو درێژی و ماندوونەناسیتان.
دەشڵێت، یەکێتییە تیکۆشەرەکەتان لە ماوەی تەمەنیدا خاوەنی مێژوویەکە لە سەروەری و خەبات و قوربانیدان، لە سەرجەم قۆناغەکانی ڕێکخراوەکەتاندا توانیوتانە چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەبات بن و ڕۆڵی گرنگ لە جۆشدانی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بگێڕن.
ئاماژە بەوەشدەکات، پێگە، کاریگەری و قوربانییەکانی یەکێتیی مامۆستایان بەرزدەنرخێنین، خۆمان بە پاڵپشتی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان دەزانین، باوەڕی تەوامان بەو ڕاستییە هەیە کە ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا دەبێت بە بەهێزکردنی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتیی مامۆستایان دەستپێبکات، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیان دا بکرێت.
ئەوەش دەڵێت، هیوامان وایە هەمووان پێکەوە کاربکەین بۆ گەشەپێدانی زیاتری سێکتەری خوێندنی باڵا و پەروەردە و بەدیهێنانی سەرجەم داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانی کوردستان.