دادگای باڵای تاوانەکان، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی جەلادەکەی نوگرە سەلمانی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دواى ئەوەى بە ئامادەبوونی دەیان شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، لە دادگای ڕەسافە لە بەغداد بەڕێوەچوو.
دادگاییەکە بۆ 14ـى 5ـى 2026، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بیستنی وتەی شایەتحاڵەکانی دیکە، دواخرا.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، 25 سکاڵاکار و شایەتحاڵ چوونە بەردەم دادوەر و شایەتییان دا و وتەکانی خۆیان لەسەر تاوانەکانی عەجاج تۆمارکرد، دوای بیستنی وتەکان، دادگا بڕیاری دواخستنى دانیشتنەکەى دا.
بەپێى زانیارییەکان، کۆی گشتی 221 کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، دیالە و سەڵاحەدین وەک شایەتحاڵ بانگهێشتى دادگاییەکە کرابوون، تاوەکو لەم کەیسەدا وتەیان لێ وەربگیرێت.
عەجاج تکریتی، یەكێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشووری عێراق و ڕۆژی 31ـی 7ـی 2025، هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی پێشووى عێراقەوە ڕاگەیەندرا و داواش لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان كرا، پەیوەندییان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.