هاوژین عوسمان: ناوچەگەرێتی لە دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی دەکرێت

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان ڕایگەیاند، کەموکورتیی زۆر لە نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین هەیە، ڕێژەی نەبوونی کارمەندی میلاک لە هەندێك شوێن گەیشتووەتە %70.

وتیشی، زۆربەی کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی خۆبەخشن یاخود لە ئیدارەی گشتیی یان منداڵپارێزەوە هاوکارییەکی کەم وەردەگرن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا لیستێکی 23 کەسی بڵاوکرایەوە کە سەرجەمیان دەرچووی ئەمساڵن و بۆ پارێزگای دهۆک دامەزرێندراون.

لەوبارەیەوە هاوژین عوسمان ڕایگەیاند، “ئێمە لاریمان نییە لە دامەزراندنی کارمەند بۆ هەولێر، دهۆک و سۆران و هەر شوێنێکی دیکە کە پێویستی بێت، بەڵام ناوچەگەرێتی و جیاوازیی دەکرێت لە دامەزراندنی کارمەند، هیچ لۆجیکی تێدا نییە، دەرچووی زانکۆیەکی ئەهلی کە زۆربەی منداڵی دەوڵەمەندبێت و بە پارە خوێندبێتی، دایبمەزرێنیت، بەڵام منداڵی فەقیر لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دانەمەزرێنیت.

سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان ڕاشیگەیاند، “ئەم کارە جیاوازیی چینایەتییە، هەر دامەزراندنێک کە بە نهێنی دەکرێت، وەک ئەوە وایە کە دزیی لە حکومەت و بودجەی گشتی کرابێت.”

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share