بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەبۆنەی 1ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەین، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە دەستە ماندووەکانیان دەڕوانین کە بزوێنەری سەرەکیی گەشەپێدانی نیشتمانن.
دەشڵێت، کرێکاران تەنها هێزی کار نین، بەڵکو سامانێکی نیشتمانیی گەورە و بێوێنەن، بەبێ کۆشش و عارەقی ناوچەوانی ئەوان هیچ وڵاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت، بۆیە کاری لەپێشینەمان دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی شکۆ و مافە یاساییەکانیانە.
لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، دووپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین و پابەندین بە هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی کاری تەندروست و سەردەمیانە، کە تێیدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی فەراهەمبکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.