قائیمقامی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، داوا لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەکەین نەیەنە سەنتەری شارەوە.
سمکۆ سالار، قائیمقامی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵەبجە بازاڕێکی زۆر بچووکی هەیە و لە ساڵانی هەشتاکانەوە فراوان نەکراوە، ئەمەش ئاستەنگیی زۆری بۆ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل دروستکردووە و بووەتەهۆی جەنجاڵی لە شارەکە.
وتیشی، بە بەڵگە لەلامانە، خەڵک هەیە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی ڕەسمییە، لایبردووە و کردوویەتی بە بێسەرەتا تاوەکو هیچ سزایەک نەیگرێتەوە، ئەمەش لە ڕووی ئەمنییەوە کێشەی گەورە دروستدەکات، هەروەها دەستمان دەگرێت و ناتوانین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرینەبەر.
باسی لەوەشکرد، ئەم بڕیارەی کە داومانە، بۆ نەهێشتنی دیاردەی لەمشێوەیە، داوامان کردووە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بە هیچ شێوەیەک نەیەنە ناو سەنتەری شارەوە، چونکە بەهۆی شێوازی وەستانیانەوە کێشەی زۆریان بۆ شارەکەمان دروستکردووە.