عەبدوڵا مەلا نوری: ئایا ئەو هەڵایەی کە ئەوان گێڕایان بۆ سفرکردنەوەی ڕۆڵە مێژووییەکەی خەڵکی سلێمانی نەبوو لە پرسی ڕۆژئاڤا؟

عەبدوڵا مەلا نوری، چالاکوانی سیاسی، نووسینێکی سەبارەت بە پرسەکەی شەهید غەزال مەولان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کە خودی حزبی کۆمەڵە نەیویستبێت خەڵک ئاگاداربێت، ئیدی گوناهی خەڵک چییە؟ ئایا ئێستا خەڵک ‌و ئێمەومانان حەقی گلەیی ‌و گومانکردنمان نییە؟ ئایا ئەم هەڵایە بۆ سفرکردنەوەی ئەو ڕۆڵە گەورە و مێژوییە نەبوو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی ‌و سلێمانی بەتایبەتی لە پرسی ڕۆژئاڤادا گێڕایان؟ ئایا بەمجۆرە لە پەرتەوازەیی ‌و کارکردن دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە، کە لەسەر گەلەکەمان دروستدەبن؟

سەبارەت کەیسی شەهید (غەزال مەولان)، پرسیار و گومان، لەسەر بێدەنگی خەڵکێکی زۆر دروستکرا، لەسەرئەوەی بۆ لە پرسی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا خەڵکی سلێمانی ‌و چالاکوانەکان هەڵوێستیان هەبوو، ئەی بۆ لە کەیسەکەی غەزالی شەهید، بێهەڵوێست بوون؟ بەم هۆیەوە کوێرانە و بێڕەحمانە، سوکایەتی ‌و بیڕێزییەکی لە ڕادەبەدەر کرا.

دیارە لە کاتی ڕووداوی دڕندانەی شەهیدبوونی ئەو خاتوونە، ئەو دوو ڕۆژە لەگەڵ چەند هاوڕێیەک، بە هەندێک کاری خۆمان، لە سنووری قەڵادزێ ‌و ڕانیە بووین، بەڵام لە دوای گەڕانەوەمان ‌و دروستبوونی ئەو هەڵایە، منیش یەکێک بووم لەو هەزاران کەسەی کە هەستم بە ئازاری ویژدان‌ و ئیحراجی دەکرد.

لە خۆم دەپرسی هەر بەڕاست تۆ بڵێی، لە شاری هەڵمەت‌ و قوربانیدا مزگەتێک، یان ماڵێک نەبوبێت دەرگا بۆ ئەم شەهیدە بکاتەوە؟ تۆ بڵێی، لەم شارە گەورەیەدا کە لەلایەن خێرخوازانەوە دەیان ئۆتۆمبێلی داخراوی تایبەت، بۆ گواستنەوەی تەرم (بەبێبەرامبەر) تەرخانکراون، کەچی هیچکام لەوانە، غیرەتی ئەوەیان نەبووبێت، تەرمی شەهید غەزال بۆ گۆڕستان بگوازنەوە، ئەمەش وایکردبێت تەرمەکە لە گەڵابەی پێکابێکدا، بەو جۆرە دابنرێت؟

لەوەش کارەساتبارتر تۆ بڵێی: لە نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی کورد لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی ‌و هەڵەبجە، تا دەگاتە ئیدارەکانی ڕاپەڕین ‌و گەرمیان، ئەوەندە خەڵک دەستنەکوتبێت کە سەر قەبرانەکە قەرەباڵغ بکەن؟ ئەی ئەگەر بابەتەکە، هێندە پڕ لە ترسناکی‌ و پەشۆکان ‌و تەنهایی بووە، ئەوە چۆنە بە کامێرا چرکە بە چرکەی تۆمارکراوە و مایک ‌و وتاردان ‌و مەراسیمی چەکداریش ڕێکخراوە؟

لەم سۆنگەیەوە بڕیارمدا، بەدواداچون بکەم..
سەرەتا، تەلەفۆنێکم بۆ خاتوو پەیمان عیزەدین کرد ‌و پرسیم، تۆ ئاگاداری ئەم بابەت ‌و پرسە بوویت؟ وتی: نەخێر، ئاگاداری نەبووم.

دواتر تەلەفۆنێکم بۆ کاک ئەبوبەکر هەڵەدنی کرد، ئەویش وتی: نەخێر ئاگادارنەکراوم، هەروەها تەلەفۆنێکم بۆ کاک حاکم شێخ لەتیف کرد، هەم دیسان ئەویش وتی: نەخێر قوربان هیچ کەس خەبەری پێنەداوم، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ئەم بەڕێزانەش ئەوەیان نەشاردەوە، کە نیگەرانن لەوەی ئاگادارنەکراون.

بۆ ئەم ناوانەم هێنا؟ چونکە وێڕای بوونی جیاوازیی لە بۆچوونماندا، بەڵام لە ڕابردوودا، لەسەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە خەمی گشتی ‌و کوردبوون‌ و نیشتیمان، (لەگەڵ چەندین هاوڕێی دیكه‌شدا)، یەکتر ئاگادارکردنەوە، ڕاوێژکار و چالاکی هاوبەشمان هەبووە و هەیە.

لە بەدوداچوونەکانم بەردەوامبووم، بە زمانێکی گلەیی ئامێزەوە تەلەفۆنێکم بۆ کاک کەمال ڕەئوف خاوەنی دەزگای میدیایى شارپرێس کرد و لێم پرسی، تۆ ئاگاداری ڕێوشوێنی پرسەی شەهید غەزال بوویت؟ وتی: ئاگاداری نیوەی بابەتەکە بووم، هەروەها وتیشی: هەر لە سەرەتاوە وا بەباش زانرابوو، چەند کەسێکی کەم بەشداریی مەراسیمی ناشتنەکە ببن، بەڵام کاتێک چوینە گۆڕستان، لە کاتژمێر دوو تا سێ چاوەڕێبووین، دواتر لە برادەرانی کۆمەڵەوە هەواڵ هات، کە بەهۆی باری ئەمنییەوە ناشتنەکە ناکرێت، ئیدی گەڕاینەوە، بەڵام دواتر ئێمەش شۆکبووین، کە لە فەیسبوکەوە بینیمان بەو جۆرە مەراسیمەکە بەڕێوەچووە.

هەر لەبەدوادچوون بەردەوامبووم، لە دۆستێکی خۆم لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پرسی، لە وه‌ڵامدا وتی: بەڵێ بەهۆی باری ئەمنییەوە خۆمان بڕیارماندا قەرەباڵغی نەکرێت ‌و لە سنوورێکی دیاریکراودا مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت‌ و گۆڕانکاریی لە کاتەکانیشدا کرا، بەڵام بەداخەوە بە زانین بێت یان بەنەزانیی، بە لاڕێدابرا و نەمزانی ئاوا دەکەوێتەوە، هەروەها وتی: تەنانەت بەشێک لە هاوڵاتییانی کوردی ڕۆژهەڵات ‌و لایەنەکانی دیكه‌ش کە لەم سنوورە نیشتەجێن، نیگەرانبوون لەوەی کە ئاگادارنەکراون.

هەر دوێنێ، نەوید میهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵە، لە لێدوانێکدا کۆمەڵێک ڕاستی دیكه‌شى خستەڕوو و وتی: لەبەرئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرانەبێت، لە هیچ ئۆرگانێک یان لایەنێک داوای ئه‌مبۆڵانسمان نەکرد، بەباشمان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە، هەروەها نەوید میهروەر ئەوەشی وت، به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکرابوو.

بەمجۆرە دەردەکەوێت، زۆرێک لەو چیرۆک ‌و قسە و باسانەی کە لەسەر کەیسی شەهید غەزال وتران ‌و نووسران، ڕاستنەبوون، بەڵکو چەواشەکردنی ڕای گشتی بوون.

سەبارەت بە پرسی کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکانیش پێمخۆشە ئەوە بڵێم، بەدەر لەوەی سوپاس ‌و پێزانینی زۆرم بۆ ماندبوونی ستافی هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش ‌و بەخشین هەیە، لەهەمانکاتدا پێموایە کاتێک بریندارێک دەبرێتە بەردەستیان، جا کوردبێت یان غەیرە کورد، ئیدی دەبێت هەموو یاسا و ڕێنماییەک بەلاوه‌ بنرێت، تا ئەوکاتەی بریندارەکە چارسەردەکرێت، لە ئەمڕۆوە هەر کەمتەرخەمییەک کرابێت، لادان ‌و بێڕەوەشتییە بەپیشەی پزیشکی‌ و پێویستە لێپرسینەوە بکرێت.

سەرئەنجام، بەناوی هەزاران کەسەوە کە غەدریان لێکرا دەپرسین: ئەگەر مەراسیمی ناشتنی شەهید غەزال، لەبەر باری ئەمنی پێویستی بە بێدەنگی هەبوو، ئەی بۆ بابەتەکەتان وەها خستە ناو میدیا و سۆشیاڵ مێدیاکانەوە، کە گوایە خەڵکی ئەم شارە بێهەڵوێستبوون؟ خۆ بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر پێویستی بەوە هەبوو هەزاران کەس لە ژن ‌و پیاو بچن لەسەر قەبرستان‌ و مەراسیمێکی شکۆداری بۆ ڕێکبخرێت، ئەی بۆ لە هەمان ئەو پەیج‌ و میدیایانەوە بانگەوازتان بۆ خەڵک نەکرد، تا پێکەوە لە سلێمانیەوە، بە یەکدەنگی، بانگی حەق ‌و کۆڵنەدان بە گوێی دوژمن‌ و داگیرکەردا بدەین؟

لە کۆتاییدا دەپرسم، کە خودی حزبی کۆمەڵە نەیویستبێت خەڵک ئاگاداربێت، ئیدی گوناهی خەڵک چییە؟ ئایا ئێستا خەڵک ‌و ئێمەومانان حەقی گلەیی ‌و گومانکردنمان نییە؟ ئایا ئەم هەڵایە بۆ سفرکردنەوەی ئەو ڕۆڵە گەورە و مێژوییە نەبوو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی ‌و سلێمانی بەتایبەتی لە پرسی ڕۆژئاڤادا گێڕایان؟ ئایا بەمجۆرە لە پەرتەوازەیی ‌و کارکردن دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە، کە لەسەر گەلەکەمان دروستدەبن؟ ئایا ئەمە بۆ خۆبەپاڵەوانکردن نەبوو؟ ئایا ئەم بابەتە تێکەڵ بەکەیسەکانی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک‌ نەکرا؟ دەپرسم لە دوای دروستکردنی ئەو هەڵایە، ئەو هەموو گومان ‌و سوکایەتییەی کە بەخەڵک کرا، ئایا ویژدانتان ئاسوده‌یە؟ ئایا هی ئەوە نییە ئەو بەڕێزانەی لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵێکی نەرێنیان گێڕا و درز و گومانیان دروستکرد، داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن؟

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share