قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی وەرزی بارانبارین و هەروەها بە هۆکاری دیکەش، رێگەوبانەکانی ناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی، زیانی زۆریان پێگەیشتووە، ئەمەش گرفت و ئاستەنگیی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە.
باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی، رێگەوبان و چاککردنەوەی رێگەوبانەکان، هەڵمەتێکی گەورەمان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خێرای رێگەوبانەکانی ناوشار و دەرەوەی شار ڕاگەیاند، هەروەها بڕیارماندا دەست بە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقامی نوێ بکرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.
وتیشی، بۆ کارئاسانی و خێراترکردنی هەڵمەتەکە، لە هەفتەی داهاتووەوە هاوڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵی خزمەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خراپبوونی رێگەوبانەکان ئاگاداربکەنەوە، بۆ ئەوەی تیمەکانی نۆژەنکردنەوە بەزوویی بگەنە شوێنەکە و دەست بە چاککردنەوەی رێگەکان بکەن.