ئاژانسی بلومبێرگ ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای شـ.ـەڕی ئـ.ـێرانەوە لانیکەم 16 فڕۆکەی ئەمریکی، لەنێویاندا 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) MQ-9 Reaper، خراونەتەخوارەوە و لەدەستچوون.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکی ورددا زیانەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکای لەماوەی جەنگی ئێران خستووەتەڕوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سێ فڕۆکەی شەڕکەر لە ئاسمانی کوەیت خراونەتەخوارەوە، کە بەرپرسانی واشنتن هۆکارەکەیان بۆ ”تەقەی هەڵەی” بەرگریی ئاسمانیی کوەیت گەڕاندەوە. بەبێ ئەوەی ئەم هۆکارە بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشتڕاستبکرێتەوە.
هاوکات فڕۆکەیەکی سوتەمەنیهەڵگری ئەمریکی لە جۆری KC-135 لەئاسمانی عێراق بە خۆی و شەش سەرنشینەوە خرایەخوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێنج فڕۆکەی جۆری KC-135 لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا کە بنکەیەکی ئاسمانی سعودییەی کردە ئامانج، زیانیان بەرکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، ئێران تاوەکو ئێستا 9 درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکیی لە جۆری MQ-9 خستووەتەخوارەوە، درۆنێکی دیکەش لە ئاسمانی ئوردن لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بە مووشەک خراوەتەخوارەوە.