وەزارەتی نەوتی عێراق: هەرێمی کوردستان هەناردەکردنەوەی نەوت ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەناردەکردنەوەی نەوت ڕەتدەکاتەوە و ڕێگری لە پرۆسەکە دەکات.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، سەرەڕای ئامادەیی تەواوی بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە پرۆسەکە دەکات.

وەزارەتی نەوت ڕوونیکردەوە کە پلانیان هەبووە ڕۆژانە بڕی 500,000 بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکەن، کە پێکهاتووە لە 300,000 بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکوک و باکوور، لەگەڵ 200,000 بەرمیل لە کێڵگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە توانای گشتیی بۆرییەکە دەگاتە 900,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

وەزارەتەکە دەڵێت، ئەم هەنگاوە لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا پێویست بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی پەککەوتنی هەناردە لە گەرووی هورمزەوە بە وڵات گەیشتووە.

دەشڵێت، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان داواکارییەکەی بەغدادی ڕەتکردووەتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسی تەکنیکیی هەناردەکردنی نەوتەوە نییە، دەکرێت ئەو مەرجانە لە کاتێکی دیکەدا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەڵام ئێستا بەرژەوەندیی نیشتمانی و پابەندبوون بە یاسای بودجە دەخوازێت کە هەناردەکردن دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە تاوەکو عێراق لە داهاتێکی گەورەی دارایی بێبەش نەبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share