شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ماوەکانی داهاتوودا شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە سەنتەری چەند شارێکیش، بەفر دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، کاریگەریی شەپۆلێکی جەمسەری باکوور لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات، سەرەتاش لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات بە بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ و بارینی بەفر و باران بە تێکەڵی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، پاشان لە شەودا، کاریگەرییەکانی درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەڕین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ سبەی هەینی، سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە بارانی کەم بۆ مامناوەندی پچڕپچڕ و بەگشتی، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بەفر و بارانی تێکەڵ دەبێت و لە کۆتاییدا، بەفری تەواو دەبێت وەک سەنتەری پێنجوێن، مێرگەسۆر، حاجی ئۆمەران و ئامێدی.
دەشڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە وەک بارانبارین، تەنیا بۆ ناوچەکانی سنووری راپەڕین، سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر باش دەبێت و بۆ سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، کەرکوک، سلێمانی و هەڵەبجە، لاواز بۆ مامناوەندە و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک، بەگشتی لاوازدەبێت و تەنیا لە هەندێک شوێندا، بڕێک بارانی کەم دەبارێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی باسکردووە، ئێوارەی سبەی هەینی، کاریگەریی شەپۆلی بەفر و بارانەکە لاواز دەبێت و کۆتایی پێدێت، پلەی گەرمییش بەراورد بە ئەمڕۆ، 8 تا 10 پلە نزمدەبێتەوە و کەشی زستانە و سارد، لە تەواوی ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ژێر سفر، بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکاندا، کاریگەریی ئەو شەپۆلە سەرمایە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە چالاکی دەمێنێتەوە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە 3ـی 3ـی 2026، دواتر پلەی گەرمی بەرزبوونەوەیەکی کەم بەخۆیەوە دەبینێتەوە.