پێشڕەو مەلاوەیسی رایدەگەیەنێت، پاش ساڵانێک لە كۆچی دوایی سەرۆک و سەركردەی كورد، ناوچەكە و جیهان، مام جەلال، ئێستاش بەهەمان ستراتیجی ئەوێ رۆژێ ماڵەكەی بووەتە شوێنگەی چارەسەری گرفتە ناوخۆیی، جیهانی و ناوچەییەكان.
پێشڕەو مەلاوەیسی، رۆژنامەنووس و میدیاكار نووسیویەتی، پاش ساڵانێک لە كۆچی دوایی سەرۆک و سەركردەی كورد، ناوچەكە و جیهان، مام جەلال، ئێستاش بەهەمان ستراتیجی ئەوێ رۆژێ ماڵەكەی بووەتە شوێنگەی چارەسەری گرفتە ناوخۆیی، جیهانی و ناوچەییەكان، ئەوەی ئەمڕۆ بینرا جێگەی تێڕامانی قووڵە كە دەبێت بە تێڕوانینی نیشتمانی و نەتەوەییەوە تەماشابكرێت، ئەوەش دەرخەری سیاسەتی بەویقاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لە یەك كاتدا تۆم باراک و جەنەڕاڵ مەزڵوم لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ كۆكردووەتەوە، ئەو وێنە سیاسییە ئەو راستییەمان پێدەڵێت، دەباشانێک كە شوێنگەی مام جەلال و ئێستای كوڕەكانی بێت، لەسەر هەمان نەهجی سیاسی باوكیان دەبنە چەتری كۆكەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە هەركوێیەكی جەستەی نیشتمان بێت.
دەشڵێت، ئەوەی لە دەباشان دەبینرێت، تەنیا وێنەی سیاسی نییە كە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵەكەی سەرۆک مام جەلال، گرتویەتیەبەر لە هەرێمی كوردستان، ئەو وێنەیە چەندین جار خۆی دووبارە دەكاتەوە، لە بەغدادی پایتەختی عێراقی فیدراڵیش لە كاتی ناكۆكییەكانی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكانی عێراق، هەمان رۆڵ دەبینێت و كردویەتی، بۆیە دەكرێت بڵێین فەلسەفە و ستراتیجی سیاسی سەرۆك مام جەلال، خوێندنگەیەكە كە تا مێژووی مرۆڤایەتی بمێنێت، خوێندكارە راستەقینەكانی هەر لە لوتكەی نیشتمانی و نەتەوەی و سیاسی سەنگیندا دەمێننەوە.