بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سبەینێ ئاسمانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیردەبێت و باراندەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارێزگای سلێمانی، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە هەندێک لە ناوچەکانی سنووری رۆژهەڵات، هەروەها پلەی گەرمی بەراورد بە دوێنێ 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ سێشەممە، لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی نزمەپەستانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، هەروەها بارستەهەوای ساردی باکوور، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیردەبێت و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەبارانی جیاجیا و کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکووری رۆژهەڵات.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کاتەکانی پاشنیوەڕۆ تا ئێوارە سبەینێ، کاریگەریی ناسەقامگیریی کەش چالاکتردەبێت، هەروەها رێژەی دابارین کەمێک زیاتر دەبێت، کە هەندێک کات بە بەشێوەی تاوەباران و هەورەبروسکە دەبێت، بەتایبەت سنووری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین و سۆران، لەگەڵ کەمێک چالاکبوونی خێرایی با هەروەها نزمبوونەوەی پلەی گەرمی و پاشان بۆ کاتەکانی شەو، کەش سەقامگیردەبێتەوە.