لە عێراق دەستکراوە بە دابەشکردنی یەکەم سەبەتەی خۆراکی ساڵی 2026، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دابەشکردنی لە هەرێمی کوردستان نییە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سبەی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی بازرگانیی سلێمانی، هەولێر و دهۆک سەردانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک.
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا لە عێراق 8 سەبەتەی خۆراک لە ساڵی 2025 دابەشکراوە، چاوەڕوانین بڕیارمان بۆبێت و دەستبکەین بە دابەشکردنی یەکەم سەبەتەی خۆراک لە ساڵی نوێدا.
سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 1000 دینار بۆ هەر تاکێکی خێزان لەبەرامبەر وەرگرتنی بەشەخۆراک، کامەران فەتاح رایگەیاند، ئەو بابەتە تەنها دەنگۆی سۆشیاڵ میدیاکانە و هەرکات بە نووسراو ئاراستەیان بکرێت، پشتڕاست یاخوود رەتیدەکەنەوە.
کامەران فەتاح: هیچ بڕیارێک بۆ دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک نییە