بە خۆپیشاندان یادی ‘شۆڕشی تشرین’ لە بەغداد دەكرێتەوە

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردوو

سەدان كەس ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەكەم ڕوویان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد كرد بۆ یادكردنەوەی “شۆڕشی تشرین” كە ئەمڕۆ ساڵێك بەسەریدا تێدەپەڕێت.

میدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكرد، ئەمڕۆ لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ڕابردووی عێراق سەدان كەس ڕوویان لە گۆڕەپانی تەحریر كردووە لە بەغداد بە مەبەستی یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە.

بۆ ڕێگری لە هەر بارگرژییەكیش هێزە ئەمنییەكان ڕێوشوێنی ئەمنیی توندیان لە ناوچەكانی دەوروبەری گۆڕەپانەكە و نزیك دەروازەی ناوچەی سەوز گرتەبەر.

بەپێی هەندێك لە میدیاكان، حكومەت ترسی لە هەوڵی هەندێك لە لایەنە حزبی و چەكدارییەكان هەیە بۆ بەكارهێنانی یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ مەرامی تایبەت.

پێشتر خۆپیشاندەران ئامادەكاریی تەواویان كرد بۆ یادی یەكەمین ساڵەی “شۆڕشەكەیان” وەك ئەوەی خۆیان ناوی دەبەن، لەڕێی پاككردنەوەی ناوچەكە و هەڵواسینی دروشم و وێنەی قوربانییان.

بڕیارە ئەمڕۆ زنجیرەیەك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامبدرێ، لەوانە ڕێپێوانی خوێندكاران و ئافرەتان بەرەو گۆڕەپانەكە و، دواتر ئەنجامدانی ڕێپێوانێكی گشتگیر بەرەو پردی كۆماری، جگە لە بەرزكردنەوەی ئەو دروشمانەی كە جەخت لە بەردەوامی “شۆڕش” دەكەنەوە، هاوكات ڤیستیڤاڵێكی شیعری ئەنجامدەدرێت.

خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردوو نزیكەی دوو هەزار قوربانی لە كوژراو و بریندار و ڕفێندراو و بێسەروشوێنی لێكەوتەوە وەك ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر زاری بەرپرسێكی دامەزراوەی شەهیدانی عێراقەوە ئاشكراكرا.

خۆپیشاندانەكانی عێراق لە ڕۆژی یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 دەستیانپێكرد و زۆرینەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووریان گرتەوە، بەڵام چەقی خۆپیشاندانەكان لە بەغداد بوو، بەدوای ئەویشدا بابل، كەربەلا، نەجەف، بەسڕە و زیقار دەهاتن.

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە، توندوتیژییەكی زۆر ئاوێتەی ڕوداوەكان كران و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەیان كەس كوژران و برینداربوون و لەگەڵ بەردەوامیدا ژمارەكە بەرەو سەدان ڕۆیشت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تۆمەتباری تەقینەوەکەی 5ی ئۆکتۆبەری کەرکوکی دەستگیرکرد

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری ورد، دەستگیرکردنی تۆمەتباری تەقینەوەی فرۆشگایەکی بازرگانی لە شاری کەرکوک راگەیاند. ئاژانسەکە…
زیاتر ببینە

غەریب ئەحمەد: وەزارەتی دارایی عێراق رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی دەستپێكرد

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكرد بە رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.…
Total
0
Share