ئەنجومەن حسێن، لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پلان هەیە لەمساڵدا قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆی 34 کیلۆمەتری قۆناغی یەکەم، لە ئێستادا بەشێوەی ئەزموونی 25 کیلۆمەتری شەقامەکە لە تاسڵوجەوە تا نزیکی دەمرکان لە شەقامی عەربەت – سلێمانی تەواو بووە و بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.
روونیشیکردەوە، بەهۆی وەرزی بارانبارین و کەشوهەواوە کارکردن لە شەقامەکە سست بووە و لەکاتی ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا، کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ تەواوکردنی شەقامەکە دەستپێدەکاتەوە.
ئەنجومەن حسێن ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە پلانیان هەیە لەمساڵدا قۆناغی یەکەمی شەقامەکە بەتەواوی بڕگەکانیەوە کۆتایی پێبهێندرێت و بخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە.