کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کاریگەریی شەپۆلی بەفربارین تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری و شەپۆلێکی بەفر و باران بۆ سەرناوچەکەمان ئاسمان بە گشتی هەوری باراناویی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت هەندێک کاتیش تێکەڵەی وردە بەفر لەگەڵ باران دەبارێت، هەروەها پێشبینیدەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان بەفر ببارێت.
دەشڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوامدەبێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان پاشان بۆ شەو کەش ئاسایی دەبێتەوە کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتاییدێت .
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەینێ شەممە ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت.