بەرپرسی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی رایدەگەیەنێت، کەم رۆژ هەیە میدیای پارتی ناوی سەرکردەیەکی یەکێتی نەهێنێت، گوایە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کاندیدکراوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە وتەبێژی رەسمیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە هێشتا یەکێتی بە رەسمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستنیشان نەکردووە و پاشانیش هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بە هەمان شێوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا لەسەر هەمان بابەت بە پرسیارێک وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و وتی، “ئایا سەرۆک بافڵ یان یەکێتی بە رەسمی ناوی کەسێکی هێناوە کە کاندیدبکرێت؟”، وتیان نەخێر، وتی، “کەواتە هێشتا یەکێتی کاندیدەکەی خۆی دەستنیشان نەکردووە”، کەچی کەم رۆژ هەیە میدیای پارتی ناوی سەرکردەیەکی یەکێتی نەهێنێت گوایە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کاندیدکراوە و هەر خۆشیان کۆمەڵێک مەرج باسدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە پەیامانە دەکەونە خانەی نابەرپرسیارێتیی میدیایی و تەنیا مەرامیان لەو پەیامانە لێدانە لە کەسایەتیی سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەرامبەردا میدیای ئێمە نەک ناوی هیچ سەرکردەیەکی پارتیی نەهێناوە، بەڵکو ئەو دوو کاندیدەی کە پارتی بە رەسمی کاندیدیکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجونەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) و (د. فەرهاد ئەتروشی) میدیای یەکێتی هیچ شتێکی لەسەر بڵاونەكردنەوە، لەكاتێكدا تەنانەت زانیاری لەسەر شاخەوان عەبدوڵڵا هەبوو کە بەشێک لە لایەنی سوننە و شیعە ناڕازیبوون لەسەر کاندیدکردنی، بەڵام میدیای یەکێتی ئەو زانیارییانەی بڵاونەکردەوە، بۆیە گەرەکە میدیای پارتی لەمە زیاتر پەیامی نابەرپرسیارانە لەسەر سەرکردەکانی یەکێتی بڵاونەکاتەوە و هەر رۆژێ ناوی کەسێک نەهێنێت گوایە کاندیدی یەکێتییە و بۆ رۆژی دواتر ناوی کەسێکی دیکە بێنێت، بەردەوامبوون لەسەر ئەم کارە نابەرپرسیارانەیە، دەبێتە هاندەر و پاڵنەر کە میدیای یەکێتییش وەکو کاردانەوە هاوشێوەی ئەوان هەنگاوبنێت.