کەشناسی: ئێوارە قۆناغی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین کۆتاییدێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ، کاریگەریی قۆناغی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین کۆتاییدێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلی بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامە تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە؛ سەبارەت بە بەفربارین، لەئێستادا لە زۆربەی چیا بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفربارین بەردەوامە و ناوچە جیاجیاکانی دیکە (سەنتەری پارێزگاکان و قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان) بەهۆی بەهێزیی کاریگەریی شەپۆلەکە، سەرجەمی ناوچەکەمان لەژێر کاریگەریی بارانبارین و بەفربارینە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ تاوەکو کاتەکانی ئێوارە، بارانبارین بەشێوەی لێزمەبارانی کورتخایەن و نمەبارانی پچڕپچڕ، بەردەوامیی دەبێت، لە ئێوارەدا کاریگەریی شەپۆلی باران وەک قۆناغی یەکەم کۆتاییدێت و لەسەر ناوچەکەمان کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام پلەی گەرمی روو لە نزمبوونەوەی زیاتر دەکات و خێرایی با لەگەڵ بارانبارین بە چالاکیی دەمێنێتەوە، پلەی گەرمییش بە (4-6) پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.

لەبارەی کەشی سبەى دووشەممەوە، کەشناسی پێشبینیدەکات، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین و بەفربارین کەمێک لاوازدەبێت، لە کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە تاوەکو کاتەکانی نیوەڕۆ، ئاسمان تەم و بەفربارینێکی کەم لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەردەوامیی دەبێت، پاشان کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری لەگەڵ کەشی ناوچەکەمان تێکەڵدەبێت و پلەی گەرمی زیاتر نزمدەبێتەوە و دووبارە بارانبارین و بەفربارین لە سەرجەم ناوچەکەمان دەستپێدەکاتەوە و باران بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەبێت.

دەشڵێت، لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، ئەگەری بەفربارین دەبێت؛ هەموو ئەو ناوچانەی بەرزییان لە 750 مەتر بەرزە لە ئاستی رووی دەریاوە، ئەگەری بەفری هەیە، تا رۆژی سێشەممە، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییەی کەش، بەردەوامیی دەبێت، پلەی گەرمییش بۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 5 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 2 پلەی سیلیزی

دهۆک : 1 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 5 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 3 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 8 پلەی سیلیزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share