ئەگەرەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر شەنگال و جوڵەکانی داعش

تورکیا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێی وابووە شەنگال خاڵی بەستنەوەی پەکەکەیە بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە و بە چەندین سیناریۆ هەوڵیداوە لە شەنگالدا زنجیرەکە بپسێنێت و تا ئێستاش کۆی فشارەکانی بۆ ئەم پرسە ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە.

لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا تورکیا چەندین فشاری خستووەتە سەر چەکدارەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال و چەندینجار بۆردومانی چەکداران و سەرکردەکانی چەکدارەکانی کردووە تا ئاستێک، 15 ی ئابی ساڵی 2018 ، ئیسماعیل ئوزدەن، ناسراو بە زەکی شەنگالی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی لە بۆردومانێکدا کوژرا.

هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی شەنگال بەبێ بەکارهێنانی هێزی خۆی

بەپێی خوێندنەوەی میدیا جیهانییەکان تورکیا لە ڕێگەی چەندین فشارەوە هەوڵیداوە ئەڵقەی بەستنەوەی پەکەکەی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بپسێنێت، بۆ نموونە ڕۆژی 5ی ئازاری 2017  ڕۆژنامەی شەرقئەوسەت نوسی، “تورکیا لە ڕێگەی لەشکری ڕۆژەوە دەیەوێت بەڵێنی سڕینەوەی چەکدارەکانی پەکەکە لە شەنگال جێبەجێ بکات.

ڕۆژی 4 ی ئازاری 2017 شەڕی نێوان لەشکری ڕۆژ و شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، (یەبەشە) لە ناوچەی سنونێ و شارەدێی خاناسۆر-ی شەنگال دەستیپێکرد، کە ئەمە وەک هەوڵێک بۆ کارکردنی ئەجێندای تورکیا لە ناوچەکە لێکدرایەوە و خرایە بەرەی بەرژەوەندی تورکیاوە لە شەنگال.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە تورکیا دڵی بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق خۆشبوو کە بتوانێت چەکدارانی نزیک لە پەکەکە لە شەنگال دوربخرێنەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەوتننامەکە ئەوەبوو چەکدارانی نزیک لە پەکەکە لە شەنگال دوربخرێنەوە.

سەردانی خلوسی ئاکار بۆ عێراق و جوڵەکانی داعش

ڕۆژی 19 ی کانوونی دووەم، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا سەردانی عێراقیکرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، واتر وابڵاوکرایەوە کە تورکیا فشاری توندی لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەنگال و دورخستنەوەی پەکەکە لە تەواوی سنورەکانی تورکیا، بەڵام عێراق بە بژاردەکانی تورکیا ڕازی نەبووە، دواتر تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمنیەتی عێراق پارێزراو نابێت ئەگەر بژاردەکان ڕەتبکرێتەوە.

بەپێی خوێندنەوە ڕۆژنامەوانییەکان، تەقینەوەکانی گۆڕەبانی “تەیران” لە 21 ی کانوونی دووەم دا پەیوەندی بە سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیاوە هەبووە کاتێک بە نائومێدی گەڕاوەتەوە تورکیا.

جوڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق و تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیران والێکدرایەوە کە پەیوەندی بە هاوکێشەیەکی ناوچەییەوە هەیە بۆیە حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان وەڵامی ئەم هەوڵانەیان دایەوە.

حکومەتی عێراق چۆن وەڵامی کۆنترۆڵکردنی جوڵەکانی داعشی دایەوە؟

لە دوای تەقینەوەکانی بەغداد و جوڵەی داعش و گۆڕینی چەند سەرکردە و ئەمیرێکی داعش، حکومەتی عێراق بە دوو ڕاگەیەندراو کوژرانی ئەمیر و والییەکانی داعشی ڕاگەیاند، یەکەمجار مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران، کوژرانی والی عێراقی ڕێکخراوی داعشی ڕاگەیاند و دواتر یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کوژرانی والی داعش بۆ کوردستان و 16  کەسی دیکەی ڕاگەیاند.

هەموو ئەمانە لەگەڵ ئامارێکی کوژران و دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش ڕاگەیەندرا وەک وەلامێک بۆ ئەو هاوکێشەیە کە گوڕی دابووە جوڵەکانی داعش.

بژاردەکانی تورکیا چییە بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال؟

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی تورکیا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا نوسیویەتی، “تورکیا بەم نزیکانە هێرش دەکاتە سەر شەنگال، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمەوە هەیە، بۆیە دەبێت هەردوولا هاوکاری ئۆپەراسیۆنەکە بکەن”.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە تورکیەکە، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان، لە گەشتی ئەم دواییەی خۆیان بۆ بەغداد چوار بژاردەیان بۆ هێرش بۆ سەر پەکەکە ئاراستەی بەغداد و هەولێر کردووە.

بژاردەکانی تورکیا بۆ هەرێم و بەغداد بەم شێوەیە بوون، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تورکیا و عێراق، ئۆپەراسیۆنی عێراق بە پاڵپشتی ئاسمانیی تورکیا، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق و هەرێم و ئۆپراسیۆنی تورکیا بە تەنها.

تا ئێستا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە کە خلوسی ئاکار کاردانەوەی تورکیای لە ئەگەری مانەوەی چەکدارەکانی نزیک لە پەکەکە لە شەنگال چۆن بە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر شەنگال ئەگەرێکی کراوەیە.

بابەتی پێشتر

لە سنووری داقوق بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكان سوپای عێراق بە دوای داعشەوەیە

بابەتی دواتر

بابل.. ئۆتۆمبیلێكی هاوپەیمانان تەقێندرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share