ئەمڕۆ هەینی، یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا بڕی 90 ملیار یۆرۆ وەک هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2027، دابینبکات.
دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ساڵانی 2026 و 2027، بڕی 90 ملیار یۆرۆی هاوکاری بدەنە ئۆکرانیا، ئەمەش لەڕێی سامانە بلۆککراوەکانی روسیا، لەپێناو ئەوەی پەنا نەبرێتە بەر قەرز.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی روسیا بۆ بەرژەوەندیی ئۆکرانیا، رەوا و باش دەبێت بۆ ئەوروپا.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رۆژی چوارشەممەی رابردوو هۆشدارییدا لەوەی کە مۆسکۆ هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی لە ئۆکرانیا فراوانتر بکات ئەگەر کیێڤ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، داواکارییەکانی کرێملین لە دانوستانەکانی ئاشتیدا رەتبکەنەوە.