قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، دەبێت غازی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابووری کوردستانەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنیەتیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باس لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا رووداوەکەیان بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و ئابوریی هەرێمی کوردستان و عێراق وەسفکرد، ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، کە لەگەڵ ئەوەدانین گازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابوریی کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو گەشەپێدانی ئابوریی هەنگاودەنێن، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق زیاتر بووە.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغداد بەهێزت بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر و پارێزراوتربێت.