پێشڕەو مەلا وەیسی لەبارەی رووداوەکانی گوندی لاجان و پەخشنەکردنی لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە لە وتارێکدا دەڵێت، چەند شەرمە بەناو میدیای كوردی بیت و هەموو كارێكت تێكشكاندنی ئیرادەی تاكی كوردی و تێكدانی یەكڕیزی ناوماڵی كورد بێت.
دەقی وتارەکەی پێشڕەو مەلا وەیسی:
بانێكەو دوو هەوا.
هەر بە راست، ئەوەی ئەمڕۆ لە لاجان روویدا ئەگەر لە سلێمانی بوایە كەناڵە شینەكە و سایت و پەیجەكانی ئەو مەملەكەتەی ئەوبەر بەهەمان شێوە رووماڵیان دەكرد؟ بێگومان نەخێر! یان ئەو هەموو سایت و پەیجەی راهێنراون بۆ بەرگری لە پارتی ئەوها بێدەنگ دەبوون؟ جارێكی تریش بێگومان نەخێر!
ئاخر لەكوێی دنیادا هەبووە و روویداوە ئەگەر چەند گەنجێكی خێر لە خۆ نەدیوو بێتە سەر شەقام و داوای كەمێك ژیانی شایستەبكات تا پارووە نانێك بە ڕەنجی شانی و ئارەقی نێوچەوانی خۆی پەیدا بكات، خەڵتانی خوێنی بكەیت، لە بری ژیان و نان بەو شێوەیە بینێریتەوە بۆ باوك و دایك و خێزان و خوشك و برا خێر لە خۆ نەدیوەكانی، ئەی باشە ئەو بێدەنگی گوێ داخستن و چاو نوقاندنەی بەناو میدیا و رۆژنامەنوسانەی كە كێچێكی سلێمانی دەكەن بە گایەك، ئەو راستییەمان پێدەڵێت كە بە ئیعازی حزبی دەیانەوێت سلێمانی ناشرین بكەن، لە سنوورەكەی خۆشیان رووداوەكانیش وەك خۆی ناگوازنەوە، ڕاستییەكانیش دەشێوێنن.
چەند شەرمە بەناو میدیای كوردی بیت و هەموو كارێكت تێكشكاندنی ئیرادەی تاكی كوردی و تێكدانی یەكڕیزی ناوماڵی كورد بێت، ئەویش لەسەر پارە و قووتی خەڵكی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە دامەزرابێت و رۆژانەش زەهری دووبەرەكی دەرخواردی خەڵك بدات.
دەی ئەگەر ئەوەی لە سنووری گوێر و گوندی لاجان روویدا ئەگەر لە سلێمانی بووایە بەردەوام راستەوخۆ دەیانگواستەوە، لە هەمانكاتدا وەك خۆشی راستییەكانیان ناگەیاند، نەك هەر ئەوە لەو رووداوەدا پەلاماری رۆژنامەنووس و دەدرێ كامێرا و پێداویستییە رۆژنامەوانییەكانیان دەشكێندرێت، بە وشەیەكیش نەك سەرزەنشتیان نەكرد كە بەرامبەر هاوپیشەیەكیان كارێكی نابەجێ كراوە، بەڵام لە سلێمانی بووایە دەهۆڵیان دەكوتا، ئیدی پەندی بانێكەو دوو هەوا تەنیا شیاوی میدیاكانی ئەوانە.