دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان هۆشداری دەدات

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لە بارەی سەرژمێرییەوە هۆشداری دەدات.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراقی راگەیاند، وەک لای هەموو لایەک روونە بڕیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان وابوو، سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەمای سەرژمێرییەکە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان.

دەشڵێت، لەو بارەیەشەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 بڕیاریدا پێش راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی لەبەر هەر هۆکارێک ئێستا لە کەرکوک نیشتەجێن و لە خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و بەشێک نین لەسەرژمێریی 1957 و دۆسیەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێندرێتەوە، بـەڵام هیچ جۆرە پابەندبوونێک بەم بڕیارەوە دیار نییە و ئێمەش ئەمە بە مەترسییەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە دەبینین و پێچەوانەی بنەما گشتیەکانی ماددەی 140ی دەستورە، بێگومان ئەم پێشهاتە نیگەرانییەکانی ئێمەی کرد بە راستی و ئەگەر روونکردنەوەی پێویست و بڕوا پێکراو لە لایەن بەغدادەوە نەدرێت بە حکومەتی هەرێم ، ململانێ دەستوورییەکانی ئێمە دەگوازێتەوە بۆ قۆناخێکی دژوارتر.

ئەوەش دەڵێت، “لای هەموو لایەک روونە هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیای شاری کەرکوک، خانەقین، شەنگال و تەواوی ناوچە کوردستانیەکان قبوڵ کراو نییە و پێویستە لە دەرەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان، حکومەت و کۆی لایەنە سیاسییەکان ئەم دۆخە بەجددی وەربگرن و کاری بنچینەییمان پاراستنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە بێت “.

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share