وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژوەندیی ئەو کەسانەی ناویان بۆ فەریزەی حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، بڕیارێکی دەرکرد.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندیی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی راییکردن مامەڵەکانیان و تێچووی حەج بۆ ماوەی هەفتەیەک، ئەمەش لەپێناو ئەوەی لەماوەی ئەو هەفتەیەی کە دیاریکراوە مامەڵەکانیان راییبکەن، تاوەکو مافی گەشتکردنیان بۆ فەریزەی حەج نەفەوتێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاروابوو رۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، کۆتا وادەی راییکردنی مامەڵەکان بێت، بەڵام پاش ئەم بڕیارە ماوەکەی درێژکرایەوە بۆ رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، 4ی کانونی یەکەمی 2025.