مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لە ئێستادا پێویستیان بە شەڕ نەماوە و رێگەی دیالۆگیان گرتووەتە بەر.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، “لەسەرەتای شۆڕشی سوریا، ئێمە لە دژی شەڕ بووین، هەتا بەسەرماندا نەسەپێندرا شەڕمان نەکرد، بەڵام بۆ ئێستا پێویستمان بە شەڕ نییە و رێگەی دیالۆگمان هەڵبژاردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی 10 ی ئازاری نێوان ئێمە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، رێگری لە کۆمەڵێک شت کرد، ئێمە لەناو شەڕێکی سەختدا بووین، کۆتایی پێهێنا، رێگری لە پارچەپارچەبوونی سوریا گرت، رێگری لەو بیرە توندڕەوەییە کرد کە لە سوریا هەبوو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدی پەیامێکی ئاڕاستەی تورکیا کرد و وتی،”هیچ جارێک هێرشمان نەکردووەتە سەر کەس و ناشیکەین، ئەوەی ئێمە کردوومانە تەنها بەرگریکردن بووە لە خۆمان، هەر لایەنێک مەترسیمان لەسەر دروستنەکات نابینە مەترسی بۆی، بۆیە پێویستە ئێمە وەک مەترسی نەبینن، ئێمە وەک ئارامی بۆ سوریا و وڵاتانی دراوسێ ببینن”.