پاش هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان دەستپێدەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەم پرۆسەیە دەکرێت چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکی پێبچێت، کۆی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پەیوەستە بە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵات.
بە گشتی قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەت شەش قۆناغن، کە ریزبەندییەکەیان بەمشێوەیە:
قۆناغی یەکەم: پەسەندکردنی ئەنجامەکان
پاش ژماردنی دەنگەکان، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەکان پەسەنددەکات، ئەمەش قۆناغێکی گرنگی دەستوورییە و بەبێ ئەم پەسەندکردنە، پێکهێنانی حکومەت نادەستووری دەبێت.
قۆناغی دووەم: کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (لە ماوەی 15 رۆژدا)
پاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە، پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، کۆبوونەوەکە گرنگە، چونکە لەم کۆبوونەوەیەدا لایەنە هاوپەیمانەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن، لەم رێگەیەوە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ئاسانتر دەبێت.
قۆناغی سێیەم: هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان
لە یەکەم کۆبوونەوەدا، پەرلەمان بە کۆی دەنگی ئەندامان، سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت.
قۆناغی چوارەم: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێرن، کە ئەو پێگەیە رۆڵ و گرنگییەکی زۆری هەیە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامان هەیە.
قۆناغی پێنجەم: پاڵاوتنی سەرۆکوەزیران
پاش 15 رۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، خودی سەرۆککۆمار ئەو سەرۆکوەزیرانە دەپاڵێوێت کە پاڵێوراوی گەورەترین هاوپەیمانێتی یاخود گەورەترین لایەن، لە رێگەی ئەم قۆناغەوە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستپێدەکات.
قۆناغی شەشەم: پێکهێنانی کابینەی حکومەت
سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراو 30 رۆژی لەبەردەستدایە تاوەکو لیستی ئەندامانی کابینەکەی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، تاوەکو لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت و حکومەتی نوێ دەستبەکاربێت، پاش پەسەندکردنی، ئەو کابینەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە.
هەرچەندە رێگە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت روونن، بەڵام دەکرێت بەهۆی درەنگ رێککەوتنی لایەنەکان، پێکهێنانی حکومەت کاتێکی زیاتر بخایەنێت.