وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند، وەرگیرانی خوێندکارانی کەرکوک لە رێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بێسنوورە.
د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم لە میانەی سەردانیکردنی بۆ شاری کەرکوک رایگەیاند، هەموو ئەو هاوکارییانەی پێویست بوو پێشکەش بە خوێندکارانی کەرکوکی بکەین کردوومانە و لە داهاتووشدا بە هەمان نەفەس بە کوالێتییەکی باشتر بەردەوامدەبین تا بتوانین سەرمایەیەکی مرۆیی بە کلتور و کوالێتی و ئەخلاقیاتی خۆمان بۆ ئایندەی کەرکوک بونیادبنێین.
ئاشکراشیکرد، لە ماوەکانی رابردوودا ئەوەی توانیومانە کردوومانە بۆ ئەوەی خوێندکارانی کەرکوک بەبێمەرج لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم وەربگیرێن، بۆ ئەمساڵیش وەرگیرانی خوێندکارانی کەرکوک لە رێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بێسنوورە.