ستران عەبدوڵا لە وتارێکدا بە ناونیشانی چیرۆکی کورتی دیموکراسی لە مەچکۆ ، دەڵێت، “کەیفیان لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن ناسازێت، بە ئاماژەی دەستیشبێت هەر نیشانیدەدەن کە زۆریان پێخۆش نییە، دیاردەکانی کەمپین و ناساندن و بڵاوکردنەوەی بەرنامە و دروشمی هەڵبژاردن ببینن. حەز دەکەن کوێربن و کەڕبن بەس دروشمێکی جیاواز نەبینن و بانگەوازێکی تازە نەبیستن. رۆژەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و جموجوڵی لایەنەکان بۆ خۆنواندن و باسکردنی روانگە و سیاسەت و بەرنامەکانیان، وەک رۆژی تاڵ و تار و تەقویمی درێژی بێ تەحەمول دەبینن، خواخوایانە زوو بڕوات و هەرگیز نەیەتەوە، دوژمنی سەرسەختیان ئەم یاسا و رێسایانەن کە کۆمسیۆن و مۆمسیۆن، دادگا و دەستور بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دایانناوە، چیبکەن؟ ناچارن وەک دەرد و بەڵای ناگەهان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. سات و سەعات و رۆژگاری کورتی دیموکراسی لای ئەوان ساڵ، سەدە و هەزارەیە و گەرەکیانە زوو تێپەڕێت و زوو بچنەوە سەر رێگە قەدیم و خۆشەویستەکەی خۆیان کە هەر خۆیان بڕیاربدەن و هەر رەنگی خۆیان و هەر دەنگی خۆیان زاڵبکەنەوە”.
دەشڵێت، “زۆر مەبەستیانە بەپەلە و بەبێ دواکەوتن دەزگا و دوکانی دیموکراسی بپێچنەوە و هیچ سیما و سیفەتێکی نەبیننەوە. مەشقدەکەن لەگەڵ ئەم شتە عەنتیکانەی لیست، رەنگ، کاندید و بانگەشە و هەوڵدەدەن زوو تەواوبێت، بەڵام هەر زوو هەڵدەچن و هەر زوو تەنگەتاودەبن و لە نیوەی رێگە پەتی تەحەمولیان دەپسێت و خۆیان ئاشکرادەکەن کە چ ماڵێکن”.
ستران عەبدوڵا لە وتارەکەیدا دەڵێت، “دواتر دەستدەکەنەوە بە ئۆپەراسیۆنی شەق و زلە و پەلاماردان، دەستدەکەنەوە بە دیموکراسی جمێن و زمانی زبر و قابیلی قبوڵ نییە، دەستدەکەنەوە بە بەکارهێنانی لایەنگرە سەرسەختەکانی خۆیان کە گوایە بە رێکەوت لەوێ بوون و نەیانزانیووە، گوایە ئەم دەروێشانە زۆر پەرۆشی رەنگی زەردن و حەساسیەتیان هەیە بە رەنگی سەوز و سوور و رەنگی ئاڵواڵای دیموکراسی”.
ئاماژە بەوەشدەکات، “لای ئەوان رۆژەکانی کەمپین وەک تەقویم و رۆژنامەی دۆزەخ وایە و زۆر بە خاوی و درەنگ پەڕەکانی هەڵدەداتەوە، ئەمە چیرۆکی کورتی پارتییە لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی، دەتوانیت رۆمانی چەند جڵدیشی لەسەر بنووسیت، دیموکراسییەکەی جیکڵدانی تەنگە و کەم تەحەمول و نەفەس کورت. دیمەنی وایە کە دوێنێ لەگەڵ گەنجانی سەوز لە هەولێر بە بەرچاوی مەچکۆوە کردیان، پایتەختیان وا شێواندووە قەڵای سەربەرز و دێرین خۆی شایەتی سەدان پێشێلکاری وایە و بۆ رۆژی خۆی هەڵیگرتووە تا هەڵیرێژێت. ئەمە چیرۆکی دیموکراسییە لای زەرد کە دەشڵێن لەوەتەی هەین هەموو هەڵبژاردنێکمان بردۆتەوە. ئاخر ئاوا بردوتانەتەوە کە هەموو شتێک دەلەوتێنن و دۆ و دۆشاو تێکەڵدەکەن، لە یەکەم تەجرەبەی هەڵبژاردنیش، لەساڵی 1992، هەر واتان وت: سێ بەشی کورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە؟”.
لە کۆتایی واتارەکەیدا دەڵێت، “هەر واتان هێناوە کە سوعبەتی هەڵبژاردنتان بۆ قووتنادرێت و کەیفتان بە دیموکراسی نایەت، هەر واتانکردووە دامەی دەکەن تا براوەن، کە گەمەکە هاوسەنگ دەبێت، توڕە دەبن و چای و قاوەی میوانداریش بەسەر یەکدا دەترچێنن: قابیلی قبوڵ نییە”.