دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە گەشتێکی دیپلۆماسی بەرەو ئاسیا بەڕێکەوت لە پلانیدایە لەگەڵ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بە گەشتێکی دیپلۆماسی پێنج رۆژە بەرەو ئاسیا بەڕێکەوت و گرنگترین دیداری گەشتەکەشی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەبێت، پێشبینیدەکرێت رێککەوتنێکی بازرگانیی لەنێوان واشنتن و پەکیندا بێتەکایەوە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، “کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک شی جینپینگ بەرهەمدار و گرنگدەبێت، پرسی سەرەکیی گفتوگۆکانمان دەربارەی باجە گومرگییەکان، دۆسیە بازرگانییەکانی دیکە و تایوان دەبێت”.
دەشڵێت، “زۆرمان دەربارەی سەرۆک شی وتووە، ئەویش زۆری دەربارەی ئێمە وتووە، پێموایە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداردەبێت”.
کۆبوونەوەکەی ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی رێکخراوی هەماهەنگیی ئاسیا-زەریای هێمنە، کۆبوونەوەکە لە شاری بوسانی کۆریای باشوور ئەنجامدەدرێت، بڕیارە ترەمپ لەمیانی گەشتەکەیدا سەردانی ژاپۆن و مالیزیاش بکات.