سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و ناوەڕۆکەکەی ئاشکراکرا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڵاویکردەوە، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت، لە میانی پەیوەندییەکەدا باسیان لە رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و درێژەدان بە هەوڵە هاوبەشەکان کرد بە ئامانجی چەسپاندنی هاوبەشیی قووڵ و فرەڕەهەندیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سیاسی، ئابوری، بوارە کەلتووری و ئەمنی و سەربازییەکان”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە کە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن لەسەر بنەمای دیالۆگی بنیاتنەرە، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیوەندی و راوێژکاری.

ئاماژە بەوەشکراوە، “سودانی پەرۆشیی حکومەتی عێراقی خستەڕوو بۆ درێژەدان بە هاوکاریی دووقۆڵی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەدەستیان هێناوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، پەرەپێدانی وەبەرهێنان بۆ بازرگانی، دروستکردنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق، بە شێوەیەک کە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەرجەستە بکات”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەروەها هەردوولا باسیان لە مەرجی دەستووری کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی حکومەتی بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی بە شێوەیەک دووپاتکردەوە کە سەقامگیریی سیاسی و گەشەسەندنی بەردەوام لە عێراقدا بچەسپێنێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share