قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرکوەزیرانی حکومەتی هەرێم، پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و پێکەوە گفتوگۆ و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپجو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەرۆک مام جەلال و رایگەیاند ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بەهێزتردەکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، هەروەها ئاستی بەشداریی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنەکەدا بە رێژەیەکی بەرز و بەرچاوبێت.
وتیشی، ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەت بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان گرنگە، ئەنجامەکەی کاریگەریی دەبێت لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.