سنوورداركردنی هەناردەی ڤاكسینی كۆرۆنا كە نوێترین بڕیاری یەكێتیی ئەوروپایە، پێدەچێت ببێتە یەكەم هەنگاوی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان یەكێتییەكە و بریتانیا.
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئێوارەی هەینی 29ی كانونی دووەم داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كرد “بەخێرایی نیازی خۆی ڕونبكاتەوە” پاش بڕیارەكەی برۆكسل سەبارەت بە سنوورداركردنی هەناردەی ڤاكسینی كۆرۆنا.
بەیاننامە بەپەلەكەی جۆنسۆن پاش بڕیارێكی یەكێتیی ئەوروپا هات دەربارەی سانسۆر لەسەر هەناردەی ڤاكسینی دروستكراوی ئەوروپی بۆ بەریتانیا، بەدوایشیدا ڕاگەیاندنی كاراكردنی مادەی 16ی پڕۆتۆكۆلی ئێرلەندای باكوور بۆ پەیماننامەی برێكست، كە بەهەمان شێوە هەناردەی ڤاكسین بۆ ئێرلەندی باكوور (سەر بە بەریتانیا) لە كۆماری ئێرلەندای سەر بە یەكێتی ئەوروپاوە ڕادەگرێت.
بەپێی بەیاننامەكە جۆنسۆن لەگەڵ ئۆرسولا فۆن دیر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا گفتوگۆی كردووە و “نیگەرانی قوڵی” خۆی نیشانداوە دەربارەی “ئەگەری كاریگەری” ڕێوشوێنەكانی یەكێتیی ئەوروپا دەربارەی هەناردەی ڤاكسین.
بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و كۆمپانیای ئەسترازینیكا دەربارەی وادەی ڕادەستكردنی دۆزەكانی ڤاكسینەكە.
بەمەش پێدەچێت بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا لە لێواری ململانێیەكدابن، پاش ئەوەی قەیرانی كەمی ڤاكسین لە یەكێتییەكە سەریهەڵدا.
بەپێی ڕۆژنامەی (زە گاردیان) ئەگەری دروستبوونی جەنگی دیپلۆماسی فراوان لە ئارادایە، بەتایبەتیش دوای كاركردنی بەندی 16ی پەیماننامەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا تایبەت بە دانانی كۆنتڕۆڵی سنوور لەسەر ڤاكسینەكان كە لە ئەوروپاوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئێرلەندای باكوور.
بەپێی ناوەرۆكی ڕێككەوتنی (برێكست) جوڵەی هەناردەی سەرجەم بەروبومەكان لە یەكێتیی ئەوروپاوە بۆ ئێرلەندای باكوور بێ هیچ سانسۆرێك بەردەوام دەبێت.
بەڵام یەكێتیی ئەوروپا پێیوایە دەتوانن ئەو سنووردانانە بكەن، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئێرلەندای باكوور بووەتە دەرگای پشتەوە بۆ ناردنی ڤاكسینەكانی ئەوروپا بۆ خاكی بەریتانیا بەشێوەیەكی بەرفراوان.
س: عەرەبی جدید