دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی چەقۆلێدان و برینداربوونی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە، “پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو کەسوکاری تۆمەتبار هونەر رەشید، لەکەناڵەکانی راگەیاندن ئەوەیان راگەیاندبوو کە ناوبراو باری تەندروستیی باش نییە و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستە، راوێژکاری دەستە، رامان مەجید لە گرتوخانەی ئاسایشی هەولێر، سەردانی ناوبراوی کرد، لە سەردانەکەدا لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵکردووە لەبارەی دۆسیەکەی، شوێنی حەوانەوەی و تەندروستییەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە کە داوا دەکات بەزوویی دۆسییەکەی یەکلابێتەوە چونکە تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “سەبارەت بەو هەواڵەش کە خێزانەکەی وتبووی بەچەقۆ لێیدراوە، ناوبراو وتی حاڵەتەکە ئێستا رووینەداوە، بەڵکو لەماوەکانی رابردوودا روویداوە، هۆکاری رووداوەکەش بەهۆی دروستبوونی کێشە بووە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە، بەڵام رووداوەکە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی بەکەسی دیکە و ئیدارەی گرتوخانەوە نەبووە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، “بارودۆخ، خواردن و شوێنی حەوانەوەی هونەر رەشید باشە و رازییە لە مامەڵەی ستافی بەڕێوەبردن و چاودێرانی گرتوخانەکە، لەکۆتاییدا ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە دەستەی مافی مرۆڤ بەبێ جیاوازی بەدواداچوون بۆ هەموو دۆسیەیەک دەکات، هەروەها چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لەهەرێمی کوردستان”.