پزیشکەکەی ترەمپ رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمساڵ دووەم پشکنینی رۆتینیی بۆ ئەنجامدرا، تەندروستیی ترەمپ زۆرباشە و دڵی 14 ساڵ لە تەمەنی خۆی گەنجترە.
دۆناڵد ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەمەریکا.
سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی چووە سەنتەری پزیشکیی واڵتەر رید لە نزیک واشنتن بۆ پشکنینی ساڵانەی خۆی، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، رۆژنامەنووسان پرسیاری ئەنجامی پشکنینەکەیان لێکرد، ترەمپ ئاماژەیەکی گەورەی رەزامەندیی نیشاندا.
شۆن باربابێلا، پزیشکەکەی ترەمپ لە نامەیەکدا کە کۆشکی سپیی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، “سەرۆک ترەمپ بەردەوامە لە نیشاندانی تەندروستیەکی نایابی گشتگیر و تەمەنی دڵی نزیکەی 14 ساڵ گەنجترە لە تەمەنی و بەردەوامە لە پاراستنی خشتەی رۆژانەی قورس بە بێ سنووردارکردن”.