سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاشکرایدەکات، گرێبەستێکیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا واژووکردووە بۆ پێدانی کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا لەکاتی بوونی گرفتدا.
عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “گرێبەستێکی شەش مانگیمان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێم واژووکردووە، تاوەکو لەکاتی بوونی گرفت و پچڕان لە پرۆژەی رووناکیدا، لەڕێگەی پێدانی کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا گرفتەکە چارەسەربکەین”.
وتیشی، “وەزارەتی کارەبا پێش ئەوەی کار لە گۆڕینی فیدەرێک یان چاککردنەوەی بدات، 24 کاتژمێر پێشتر ئاگادارمان دەکاتەوە، تاوەکو مۆلیدەکان بخەینەکار و هاوبەشانی کارەبا بێکارەبا نەبن”.
لەبارەی گرێبەستەکەوە، عوسمان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، “بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بە مۆلیدە ئەهلییەکان بەپێی بەکارهێنانی گازە، ئەگەر بڕی بەکارهێنانی مۆلیدەکە سەروو هەزار ئەمپێربێت ئەوا مانگانە بڕی 800 هەزار وەردەگیرێت، ئەگەر سەروو دوو هەزار ئەمپێربێت، بڕی ملیۆنێک و 600 هەزار وەردەگیرێت، دابینکردنی سووتەمەنیش لە ئەستۆی خاوەن مۆلیدەیە”.