ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی: 120 ملیاری داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پاش کۆبوونەوەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی بڕگەکانی کۆبوونەوەکە:

بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی رێککەوتنی سێ لایەنەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا.

سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پوختەی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی دوورودرێژ، رێکكەوتننامەکە گەڵاڵەکرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی رەسمی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، رێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە واژووی وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، رەوانەی حکومەتی فیدراڵ کراوە، بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، جگە لەو بەشەی بە رێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆتایی راپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بەوەی کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی واژووی ئەو رێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیيەوە، تا لەم یەک دوو رۆژە، رێکكەوتننامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتننامەیە كردووە.

پاشان ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان کرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرد، کە بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەک لابران و دواجار هەر سێ لایەن، رێكکەوتننامەکەیان بە هاوبەشی گەڵاڵەکرد.

ئينجا ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ناوەڕۆکی رێکكەوتننامە سێقۆڵییەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەکاريی ماددە و بڕگەکانی رێكکەوتننامەکە و پابەندی و ماف و شایستەکانی هەر یەک لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی روونکردەوە کە وا چاوەڕاندەکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی وەفدی دانوستانکاری هەرێم، کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێکرد، لە گەیشتن بە رێكکەوتنی نەوت، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات بە پەسەندکردنی رێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەک هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی دووەم و کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کرا.

لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەوردی دواپێشهاتەکانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاسایيی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران شیکردەوە. دواتر ئەندامانی دیکەی وەفدی دانوستانکار بە درێژی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان سەبارەت بەم دۆسیەیە، روونکردەوە.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، جارێکی دیکە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و بڕیاری دادگای فیدراڵی، وەک لە دوا یاداشتی یاسایی وەفدی دانوستانکاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ کراوە. لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابوریی راسپارد کە بەزووترینکات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵی بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025 بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەهیوای ئەوەی پەلەبکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە رێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی نیشاندرا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغداد پێکهێنراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: تەنانەت لە کاتی شەڕ و ناسەقامگیریشدا، ڕێگەی داهێنانمان هەڵبژاردووە

قوباد تاڵەبانی، ڕایگەیاند، تەنانەت لە کاتی شەڕ و ناسەقامگیریشدا، ڕێگەی داهێنانمان هەڵبژاردووە. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان،…
Total
0
Share