وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق: هێشتا گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە پووچەڵ نەبووەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پووچەڵ نەبووەتەوە، لە هەوڵی بەردەوامدان کە چۆنیەتیی هاوردەکردنی غازەکە بۆ ئەمریکییەکان روونبکرێتەوە.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد، “پرۆسەی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستان بە خاکی ئێراندا، لەگەڵ رەزامەندبوونی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای پێویستە، هێشتا گرێبەستەکە پووچەڵ نەبووتەوە و لە هەوڵداین ئەمریکییەکان تێبگەیەنین لە کۆی پرۆسەکە و چۆنیەتیی هاوردەکردنی غازەکە لە تورکمانستانەوە”.

وتیشی، “تاران سزای دارایی لەسەرە و نامانەوێت بەشێک لەو سزایانە بکەوێتەسەر بانکە عێراقییەکان، تاوەکو ئێستا لە دانوستانداین تاوەکو لایەنی ئەمریکی رازیبکەین، بۆ ئەمریکییەکانمان روونکردووەتەوە کە گرێبەستەکە لەگەڵ تورکمانستان ئەنجامدراوە و پارەکە بۆ ئەوان دەبێت، بە هیچ شێوەیەک ئێران سوودمەند نابێت لەم گرێبەستە و تەنها غازەکە بە خاکەکەیاندا تێدەپەڕێت”.

باسی لەوەشکرد، “پرۆسەکە رێکاری تەکنیکی و دارایی پێویستە، رێکارە تەکنیکییەکان کۆتایی هاتوون و ئامادەکاریی کراوە تاوەکو لە خاکی ئێرانەوە غازەکە هاوردەبکرێت و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەرگیراوە کە نزیکەی 16 ملیار پێ سێجا غاز هاوردەبکرێت، تەنها رەزامەندیی وەزارەتی دارایی ماوە بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست”.

لەبارەی سوودوەرگرتن لە غازی سروشتی ناوخۆی عێراق وتی، “دەستمانکردووە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ سوودوەرگرتن لە غازی نیشتیمانی و کەڵکوەرگرتن لێی”.

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share