سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی دەوڵەت: ئەم هەفتەیە ئەنجومەنەکە بڕیار لەسەر کێشەکانی هەرێم و بەغداد نادات

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی دەوڵەت رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی دەوڵەت هەڵسەنگاندنی لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە نەکردووە کە لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بەدەستی گەیشتوون، بۆیە ئەستەمە ئەم هەفتەیە ئەنجومەنەکە بڕیار و بۆچوونی کۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەکە بدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی دەوڵەت ئاشکرایکرد، کارەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت رۆتینی یاسایی و کارگێڕییە، تەنیا راوێژپێدانە، پاش ئەوەی ئەنجومەنەکە راپۆرتی لیژنەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی پێگەیشت و خوێندنەوەی بۆکردن، دواتر لەگەڵ وەفدی هەرێم و بەغداد کۆدەبێتەوە و وەڵامی کۆتایی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەداتەوە.

وتیشی، ئەرکی ئەنجومەنی دەوڵەت ئەوەیە کێشە یاسایی و کارگێڕییەکانی نێوان دوو وەزارەت چارەسەربکات و هیچ بڕیارێکی بەدەست نییە، لەو سۆنگەیەشەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد وەک کێشەی نێوان دوو وەزارەت سەیردەکرێت، ئەنجومەنەکە تەنها بۆچوونە یاسایی و کارگێڕییەکانی لەبارەی دۆسییەکەوە بەرزدەکاتەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر زۆریی رێکارە ئیداریی و یاساییەکان لە ئەنجومەنی دەوڵەت، بە ئەگەری %99 ئەم هەفتەیە ئەنجومەنەکە هیچ بڕیارێک لەبارەی دۆسیەی داهاتی نانەوتیی هەرێم نادات، بۆیە ئەستەمە ئەم سێشەممەیە ئەنجومەنەکە راپۆرتی کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێم بداتەوە بە سودانی.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share