وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە قەتەر “دڵخۆش نەبووە”، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل نابێت.
کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک بگاتە ئیسرائیل، تاوەکو لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گفتوگۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هەفتەی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بکەن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مارکۆ روبیۆ پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ترەمپ بە هێرشەکانی ئیسرائیل دڵخۆش نەبووە، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل نابێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بەزوویی جەنگ لە غەزە کۆتاییبێت، کۆتاییهاتن بە جەنگیش واتە ئازادکردنی 48 بارمتە ئیسرائیلییەکە پێکەوە.
وتیشی، حەماس چیتر مەترسی نییە و چاومان لەوەیە چۆن غەززە بونیادبنێینەوە.