قوباد تاڵەبانی: بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان کوردستان و ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی ئابوریی ئەمریکا _ عێراق، گفتوگۆمان کرد لەبارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوریی کوردستان و، پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان کوردستان و ئەمریکا.

وتیشی، باسمان لە هەوڵەکانمان کرد لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و کارسازیدا، چونکە ئەم گەنجە بەهرەمەند و داهێنەرانەن کە دەتوانن رۆڵ ببینن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و، لە رێگەی تواناکانیان لە بواری تەکنەلۆجیادا بەشداردەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان کوردستان و ئەمریکا یارمەتیدەرمان دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە دەمانەوێت لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان هەم وەک ناوەندێکی گرنگی ئابوری و هەم وەک ناوەندێکی گرنگی تەکنەلۆجیا لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.

لە کۆتاییشدا وتی، زۆر دڵخۆش بووین بە سەردانی ئەم وەفدە بازرگانییەی ئەمریکا، بە دڵنیاییەوە لە کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە کە ببێتە هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share