مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، رایگەیاند، بە شەهیدبوونی پۆلێک جوامێری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەناخی دڵەوە خەمباربووین.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بەڕێزان كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان (شەهید ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی لە هێزەكانی دژە تیرۆر، شەهید دیار سەردار لە هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و شەهید سەرمەند عەلی، لە هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی ئاسایش)، لەناخی دڵەوە خەمبار بووین بە شەهیدبوونی ئەم پۆلە جوامێرەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
دەشڵێت، ئەو شەهیدانە لە ئەركی جێبەجێكردنی یاسا و چەسپاندنی هێمنی و ئاسایشی سلێمانی و روبەڕوبوونەوەی لاساراندا گیانی خۆیان بەخشی.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەشڵێت، بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و ماتەمیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و گشت هاوڕێیان لە هێزەكانی پارێزگاری لە ئارامی و سەروەریی یاسا دەكەین، لە یەزدانی مەزن داواكارین شەهیدەكان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و ئارامی بە گشت لایەك ببەخشێت، هیوای چاكبوونەوە و شیفاش بۆ بریندارەكان دەخوازین.